په‌يامى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ يادى ئه‌نفالدا

News
- 13 April 2020

له‌ يادى سى و دوو ساڵه‌ى شاڵاوه‌ به‌دناوه‌كانى ئه‌نفالدا، به‌ ڕێز و شكۆوه‌ هه‌موو ئه‌و قوربانييانه‌ به‌بير ده‌هێنينه‌وه‌ كه‌ له‌و تاوانكارى و جينۆسايده‌دا گيانيان به‌خشى و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پاكى ئه‌وان و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان داده‌نوێنين، سڵاو و ڕێز بۆ خێزان و كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان.

ئه‌نفال يه‌كێك له‌ سامناكترين و دڕه‌نده‌ترين تاوانه‌كانى مێژووه‌ كه‌ ئافره‌ت، پياو، منداڵ و پيرى نه‌ناسيوه‌ و بێباكانه‌ هه‌مووانى پێكه‌وه‌ به‌ره‌و مه‌رگى به‌كۆمه‌ڵ ڕاپێچ كردووه‌، هه‌روه‌ها ژينگه‌ و ئاوه‌دانى ته‌خت كردووه‌ و هه‌موو شوێنه‌وارێكى ژيانى سڕيوه‌ته‌وه‌. ئه‌و سياسه‌ته‌ ڕه‌گه‌زپه‌ره‌سته‌ى به‌عس بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى ته‌نيا له‌ شاڵاوه‌كانى ئه‌نفالدا زياتر له‌ (180) هه‌زار هاووڵاتيى كوردستان گيانيان سپارد و كۆمه‌ڵكوژ و زينده‌به‌چاڵ كران، جگه‌ له‌ وێرانكردنى هه‌زاران دێهات و ده‌يان شارۆچكه‌ى كوردستان.

له‌ كاتێكدا ئه‌مڕۆ يادى ئه‌و ئازيزانه‌ و ته‌واوى شه‌هيدانى كوردستان ده‌كه‌ينه‌وه‌، ده‌بێ هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ به ‌هيچ شيوه‌يه‌ك ڕێگه‌ نه‌درێت جارێكى ديكه‌ نه‌ گه‌لى كوردستان و نه‌ هيچ گه‌ل و ملله‌تێكى ديكه‌ى سه‌رزه‌مين، ڕووبه‌ڕووى ئه‌و تاوانكارى و جينۆسايده‌ ببنه‌وه‌، ده‌بێ ده‌وڵه‌تى عێراقيش وه‌ك ئه‌ركى ياسايى و ئه‌خلاقيى خۆى، ئاوڕێكى جددى له‌ كه‌سوكارى قوربانييان بداته‌وه‌ و قه‌ره‌بوويان بكاته‌وه‌.

هه‌ر وه‌ك چۆن دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق ئه‌نفاله‌كانى به‌ جینۆساید و تاوانى دژى مرۆڤایه‌تى و تاوانى جه‌نگ ناساند، داواكارين كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تيش ئه‌و تاوانكارييانه‌ به‌ جينۆسايد بناسێنێت، له‌م پێناودا به‌رده‌وام ده‌بين و هه‌موو هه‌وڵێكمان ده‌خه‌ينه‌ گه‌ڕ، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بين بۆ دۆزينه‌وه‌ى ڕوفاتى شه‌هيدان و گێڕانه‌وه‌يان بۆ ئامێزى نيشتمان.‌

له‌م ياده‌دا دروود بۆ گيانى شه‌هيدان كه‌ هه‌ميشه‌ له‌ ياده‌وه‌ريى گه‌لى كوردستاندا به‌ زيندوويى ده‌مێننه‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

14/4/2020