په‌یامێك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌‌

News
- 20 July 2019

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ په‌یامێكدا ده‌ستخۆشی له‌ هێزی ئاسایش و دژه‌تیرۆری هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ ده‌ستگیركردنی تاوانباری سه‌ره‌كی و هاوكارى كاره‌ تیرۆرستییه‌كه‌ی ڕۆژی 17/7/2019ی ته‌قه‌كردن له‌ ڕێستورانتێكی هه‌ولێر، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:

ئه‌مڕۆ هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆری كوردستان سه‌ركه‌وتووانه توانیيان ‌تاوانباری سه‌ره‌كی و هاوكارێكی كاره‌ تيرۆریستیيه‌كه‌ى ڕۆژی ١٧ی ته‌ممووزی ٢٠١٩ی ته‌قه‌كردن له‌ ڕیستۆرانتێكی هه‌ولێر ده‌ستگیر بكه‌ن كه‌ جێگه‌ی داخ بوو له‌و كاره‌ تيرۆرستييه‌دا دیپلۆماتێكی توركیا و دوو هاووڵاتیی هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ده‌ست دا.

سه‌ركه‌وتنی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له ‌ئه‌ركی سه‌ره‌كیی خۆیاندا، دڵسۆزیی ئه‌م هێزانه ‌بۆ كار و پاراستنی هه‌رێمی كوردستان و هاووڵاتیان ده‌سه‌له‌مێنێت. دیاره ‌پاش ڕووداوێكی وا ناخۆش و كارێكى وا ترسنۆكانه‌، جه‌ختی سه‌ره‌كيی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم له‌سه‌ر ده‌ستگیركردنی تاوانباران و هاوكاره‌كانیان بووه ‌و ده‌بێت. ده‌ستكه‌وتی سه‌ركه‌وتووانه‌ی هێزی ئاسایش و دژه‌تێرۆر له‌وه‌دا بووه‌ كه ‌هه‌میشه‌ توانیویانه ‌هه‌وڵی تیرۆریستان پووچه‌ڵ بكه‌نه‌وه ‌و نه‌هێڵن زیان به ‌خه‌ڵكی هه‌رێم و میوانانی بگات.

تا ئێستا به‌وپه‌ڕی توانای خۆیانه‌وه ‌هه‌رێمى كوردستان و هاووڵاتیانیان پاراستووه، له‌ داهاتووشدا هه‌روه‌ك له‌وه‌وپێش له ‌ئه‌رك و كاری جدديی خۆیان به‌رده‌وام ده‌بن بۆ زامنكردنی ئارامی و ئاسایش له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌ستگیركراوان و هاوكارانيشيان به‌پێی یاسا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

20/7/2019