سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌ باڵیۆزی هۆڵه‌ندا له‌ عێراق ده‌كات

News
- 30 July 2019

لە دیدارێکدا لەگەڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز ماسیۆ وۆڵته‌رز، باڵیۆزی هۆڵه‌ندا لە عێراق کە ئەرکى بەکۆتا دێت، سوپاسی پشتگیریی به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم و ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانى له‌ كار و چالاكییه‌كانی كرد، هەروەها دووپاتى کردەوە كه‌ وڵاته‌كه‌ی به‌ بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی لەگەڵ عێراق و هه‌رێمی كوردستان و پێزانینى بۆ هاوكارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران‌ نیشان دا.

له‌ دیداره‌كه‌دا كه‌ پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وێڕاى به‌رزنرخاندنی كار و چالاكییه‌كانی به‌ڕێز وۆڵته‌رز و هیوای سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌ركی نوێیدا، جەختى لە خواستى هەرێمى کوردستان بۆ برەودان بە پەیوەندییەکانى لەگەڵ هۆڵه‌ندا کردەوە و تیشکى خستە سەر قۆناغی ئێستای په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، هەروەها سه‌قامگیریی عێراقى بە مایەى بایه‌خی هه‌رێمی كوردستان دانا و پوخته‌یه‌كی له‌سه‌ر ئه‌وله‌ویاتی قۆناغی داهاتوو پێشكه‌ش كرد.

تاوتوێكردنی به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییەکانى هه‌رێمی كوردستان و هۆڵه‌ندا، لایه‌نێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ بوو.