سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان نامه‌يه‌كى له‌ وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نساوه‌ پێده‌گات

News
- 18 July 2019

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، نامه‌يه‌كى له‌ ژان ئیڤ لۆدریان وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نساوه‌ پێگه‌يشت. له‌ نامه‌كه‌دا كه‌ به‌روارى دوێنێ 17ى ته‌ممووزى 2019ى له‌سه‌ره‌، به‌ڕێز وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى فه‌ڕه‌نسا ستايشى ڕۆڵى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ده‌كات له‌ سه‌رۆكايه‌تيكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕابردوودا و به‌ بڕوا و متمانه‌وه‌ له‌ ڕۆڵى داهاتووى ده‌ڕوانێت. ئه‌مه‌ ده‌قى نامه‌كه‌يه‌:

جه‌نابی سه‌رۆك،

دوای ئه‌و خۆشحاڵی و شه‌ره‌فه‌ی پێم به‌خشرا به‌ پێشوازیكردنتان له‌ پاریس له‌ 10ی ته‌ممووز، به‌ پێویستم زانی جارێكی دیكه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایيی خۆم بۆ ئێوه‌ نوێ بكه‌مه‌وه‌ به‌ هه‌ڵبژاردنتان وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق و هیوای سه‌ركه‌وتنتان بۆ بخوازم له‌ به‌جێگه‌یاندنی به‌رپرسیاريه‌تییه‌ گه‌وره‌كاندا كه‌ له‌مه‌ودوا هی به‌ڕێزتانن، هه‌روه‌ها ده‌مویست سوپاستان بكه‌م بۆ ئه‌و گفتوگۆیه‌ بنیاتنه‌رانه‌ی له ‌میانى‌ سه‌ردانه‌كه‌تاندا له‌ كه‌شێكی پڕ له‌ متمانه‌دا هه‌مانبوو.

ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو، له‌ چه‌ندین ده‌رفه‌تدا، پێزانینی زۆرم هه‌بووه‌ بۆ لێهاتووییتان وه‌كو سه‌ركرده‌ و هه‌ستی به‌پرسیاريه‌تیتان، به‌تایبه‌تیش له‌ میانی ئه‌و قه‌یرانه‌ی له‌ ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هاته‌ كايه‌وه‌، كه‌ هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كانمان بوونه‌ هۆی هێوركردنه‌وه‌ی ئه‌و گرژییه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ سه‌قامگیریی عێراق ده‌كرد، هه‌روه‌ها ده‌مه‌وێ ده‌ستخۆشی له‌ ڕۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌تان بكه‌م كه‌ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامتان دا له‌ قووڵكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق و ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد.

ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ ده‌ ساڵی ڕابردوو وه‌كو سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئێوه‌ ئه‌زموون و شه‌رعیه‌تی ته‌واوتان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تێكی پڕ له‌ هیوا بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر و پته‌وكردنی ئاسایشی هه‌رێمه‌كه‌تان و عێراق به‌ گشتی به‌رامبه‌ر هه‌ر مه‌ترسييه‌كى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریزمی جیهادی و جێبه‌جێكردنى ڕیفۆرمی پێویست بۆ خۆشگوزه‌رانیی كوردستانی عێراق.

فه‌ڕه‌نسا له‌ كاتی ئاشتیدا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ وه‌كو چۆن له‌كاتی جه‌نگدا له‌گه‌ڵ ئێوه‌ بوو، وه‌فادار به‌و په‌یوه‌ندییه‌ میێژوویی و له‌پێشینانه‌ی پێكه‌وه‌ گرێمان ده‌ده‌ن كه‌ جه‌نگی دژی داعش ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی زیاتر پته‌و كرد و پێداگيره‌ له‌سه‌ر پابه‌ندیی خۆی بۆ ڕێزگرتن له‌ ئاواته‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراقێكی یه‌كگرتوو و فیدراڵ و دیموكراتیدا. ده‌توانن دڵنیا بن له‌ سووربوونی ئێمه‌ بۆ قووڵكردنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی عێراق له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

ڕێزدار جه‌نابی سه‌رۆك، تكا ده‌كه‌م كه‌ بڕوا به‌ ستایشی بێپایانم بكه‌ن.

ژان ئیڤ لۆدریان