سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ شاندێكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كۆده‌بێته‌وه‌

News
- 30 July 2019

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستاندا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. لوئه‌ی شه‌بانه‌ به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌رێميی ڕێكخراوی سه‌ندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری دانیشتوانان و شاندێكی یاوه‌ری، به‌ڕێز شه‌بانه پوخته‌یه‌كی ده‌رباره‌ی ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌يان خسته‌ ڕوو كه‌ بۆ نيشاندانى پشتگيريى ڕێكخراوه‌كه‌يانه‌ له‌ ئه‌نجامدانى سه‌رژمێريى گشتى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بۆ به‌شداريكردنه‌ له‌ يادى بیست و پێنج ساڵه‌ی كۆنفرانسی نێوده‌وڵه‌تيی دانیشتوان و په‌رپێدان و يادى په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی ڕێكخراوه‌كه‌یان.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 30/7/2019 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كار و چالاكییه‌كانی ڕێكخراوه‌كه‌ی به‌رز نرخاند و باسی له‌ پرسی سه‌رژمێری له‌ عێراق كرد، هه‌روه‌ها هیوای خواست ئه‌و پرسه‌ به‌ سیاسی نه‌كرێت و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكرێت. به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كيشی ده‌رباره‌ی به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی گرنگیدان به‌ كۆمه‌ڵگه‌ و خێزان و یه‌كسانييه‌وه‌ پێشكه‌ش كرد.

ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كانی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ڕێكخراوه‌كه‌يان، چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ دانیشتوانانه‌وه‌، په‌یوه‌ندیه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا، پرسی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران و میكانزمی گه‌ڕاندنه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، لایه‌نێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.