نێچیرڤان بارزانی: مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌شه‌

News
- 3 October 2019

پەیامى سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، لە یادى کۆچى دواییى مام جەلالدا:

ئه‌مڕۆ له‌ ساڵیادی كۆچی دواییی مام جه‌لالدا، یادی سه‌ركرده‌یه‌كی خه‌باتگێڕ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆچكردنی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كاری ده‌وڵه‌تی و سیاسیدا دروست كرد. له‌ناو كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌مڕۆدا له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌ هه‌موو كاتێك هه‌ست به‌ بۆشاییی مام جه‌لال ده‌كه‌ین، به‌ڕاستی مام جه‌لال سیمبولێكی كاری هاوبه‌ش بوو.

په‌یوه‌ندیی به‌هێزی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك مام جه‌لال و كاك مه‌سعوود بارزانی، قۆناغێكی به‌هێزی كاری هاوبه‌شی له‌ كوردستان هێنایه‌ كایه‌وه‌ كه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی چه‌سپاندنی به‌شێكی زۆری داواكانی گه‌لی كوردستان بوو له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و ده‌ستووری عێراقدا، هه‌روه‌ها له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا بۆ یه‌كه‌مجار پێگه‌یه‌كی به‌هێز بۆ كورد و نه‌ته‌وه‌كانی دیكه‌ له‌ دامەزراوەکانى ده‌وڵه‌تی عێراقدا دروست بوو و دیموكراسی له‌ عێراق گه‌شه‌كردنێكی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینی.

مام جه‌لال، پشتیوانێكی زۆر گه‌وره‌ بوو بۆ كاری من له‌ دروستكردن و ڕیشه‌داركردنی كاری هاوبه‌ش و به‌ڕێوه‌بردنی هاوبه‌ش له‌ هه‌رێمی كوردستان کاتێک كابینه‌ی پێنجه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانمان پێکهێنا و به‌ر له‌وه‌ش له‌ نزیككردنه‌وه‌ی ئیداره‌كان و دروستكردنی یه‌كبڕیاری له‌سه‌ر زۆر پرسی سیاسی و ئیداری له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق.

ئه‌مڕۆ كه‌ یادی كۆچی دواییی مام جه‌لال ده‌كه‌ینه‌وه‌، باشترین وه‌فاداری ئه‌وه‌یه‌ یه‌كڕیزیی گه‌له‌كه‌مان و هاوبه‌شی له‌ كاری سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا، په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوهه‌ڵوێستیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان و هه‌موو هێزه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسه‌ هاوبه‌شه‌ كوردستانی و عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ین.

یادی مام جه‌لال مایه‌ی خێر و ته‌بایی بێت و سڵاو و دروود بۆ گیانى دەنێرین.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

3/10/2019