نێچيرڤان بارزانى و عه‌بدولمه‌هدى دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

News
- 13 November 2019

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيريى ئه‌منى و سياسيى عێراق و هه‌نگاوه‌كانى حكوومه‌تى سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ چاكسازى و به‌ده‌نگه‌وه‌چوونى داواكاريى ڕه‌واى هاووڵاتيان ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ پێويستى و گرنگيى هه‌ڵگرتنى به‌رپرسياريه‌تى و پشتگيريى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان له‌ كابينه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق بۆ چاكسازى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان دووپات كرده‌وه‌.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى كه‌ له‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتبوو، سه‌ربه‌يانيى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 13/11/2019 به‌ سه‌ردانێكى فه‌رمى گه‌يشته‌ به‌غدا و له‌گه‌ڵ به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانى به‌غدا و پارێزگاكانى ديكه‌ى عێراق و كاريگه‌ريى دۆخه‌كه‌ له‌سه‌ر ته‌واوى عێراق تاوتوێ كران، هه‌روه‌ها تيشك خرايه‌ سه‌ر هۆكار و لێكه‌وته‌كانى خۆپيشاندانه‌كان و ئه‌و هه‌نگاو و ڕێكارانه‌ى بۆ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ڕووداوه‌كان و دۆخه‌كه‌دا نراون و گيراونه‌ته‌ به‌ر.

په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ى له‌مباره‌يه‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ئاراوه‌، دۆخى ئه‌منيى عێراق به‌گشتى و مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر، چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرالى عێراق له‌مباره‌يه‌وه‌، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.