نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

News
- 4 November 2019

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكا ده‌ڕوانێت و سوپاس و پێزانيى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌مه‌ريكا دووپات كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ پشتگيرى له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌ و به‌تايبه‌تى له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان و عێراقى كرد و ڕۆڵى گه‌وره‌ى له‌ تێكشاندنى داعشدا بينى.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا، شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌يتى به‌ڕێز ئاده‌م سميت كۆنگرێسمانى ديموكراته‌كان و سێ ئه‌ندامی کۆنگرێس و به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/11/2019 دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى عێراق و خۆپيشاندانه‌كانیان تاوتوێ كرد و تيشكيان خسته‌ر سه‌ر هۆكاره‌كان و داخوازيى خۆپيشانده‌ران و پێشبينى داهاتووى پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى ئه‌منى له‌ عێراق.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و شاندى هه‌ردوولا به‌شدار بوون، به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ديالۆگى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دۆخى ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و ڕۆڵى ئه‌مه‌ريكا بۆ هاريكارى له‌مباره‌يه‌وه‌، باس كرا.

له‌باره‌ى پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردنى نێوان ته‌واوى پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها تيشكى خسته‌ر سه‌ر چاكسازييه‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌گه‌ و سوپاسى ئه‌مه‌ريكا و وڵاتانى ديكه‌ى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى كرد كه‌ له‌مباره‌يه‌وه‌ هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن، سه‌رخستنى ئه‌م پرۆسه‌يه‌شى به‌ يه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌ سه‌ركييه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م دا.

ئاڵوگۆڕكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشهاته‌كانى سووريا و دۆخى په‌نابه‌ران و هاتنيان بۆ هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.