سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا دۆخی عێراق تاوتوێ ده‌که‌ن

News
- 6 October 2019

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌ هه‌ستیاریی دۆخی عێراق و پێویستیی وڵات به‌ سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعشی له‌ عێراق به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ و جددی له‌قه‌ڵه‌م دا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز برۆنۆ ئۆبێر باڵیۆزی فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ ڕۆڵی فه‌ڕه‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له‌ پشتگیریكردن و هاوكاریكردنی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 6/10/2019 له‌ هه‌ولێر كه‌ به‌ڕێز ئۆلیڤیێ دیکۆتینی، كونسولی گشتیی فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر ئاماده‌ی بوو، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌‌کانی هه‌رێمی کوردستان و فه‌ڕه‌نسا، دۆخی ئێستای عێراق، پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه‌، كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ركردنیان، دۆخی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێویستیی هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، دۆخی ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆر و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌یان به‌گشتی تاوتوێ كرد.