نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا کۆبووەوە

News
- 9 January 2020

سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لە دانبەخۆداگرتن و چڕکردنەوەى هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنى ئارامى و سەقامگیرى لە عێراق و ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى یەکلاکردنەوەى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان، کردەوە.

ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە 9/1/2020 لە هەولێر، بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە بەڕێز دەیڤید شینكەر یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیك و شاندێكی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا هەردوولا گرژییەکان و دوایین پێشهاتەکانى دۆخى عێراق و ناوچەکەیان تاوتوێ کرد و تیشکیان خستە سه‌ر پەیوەندییەکان و دیالۆگى هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان، مەترسییەکانى سەرهەڵدانەوەى تیرۆر و چۆنیەتیى بەرەنگاربوونەوەی بە هاوکاریى و پشتگیریى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى.

پرۆسەى سیاسى لە عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانى کابینەى داهاتووى حکوومەتى فیدرال، خۆپیشاندانەکان و داواکاریى خۆپیشاندارانى عێراق، پەیوەندییەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا و چەند پرسێکى دیکەى جێى بایەخى هەردوولا، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.