نێچيرڤان بارزانى: سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێم، چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ی هه‌موو لايه‌كه‌

News
- 26 November 2019

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌بێت و له‌گه‌ڵ هه‌مووان بۆ يه‌كڕيزى و ته‌بايى و پێكه‌وه‌كاركردن له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردن و پاراستنى ماف و به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، کار ده‌كات.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/11/2019 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ ياوه‌ريى به‌ڕێزان مسته‌فاى سه‌يد قادر و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا جێگرانى سه‌رۆك، له‌ سلێمانى سه‌ردانى هه‌ريه‌كه‌ له‌ مه‌كۆى سه‌ره‌كيى بزووتنەوەى گۆڕان و مه‌كته‌بى سياسيى يه‌كێتيى نيشتمانيى كوردستانیان كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى، ڕۆڵى هەردوولاى لە پشتگیریى هەنگاوەکانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان بۆ یەکڕیزى و تەبایى بە گرنگ و مایەى پێزانین هەڵسەنگاند و جه‌ختى له‌ گرنگى و پێويستيى یەکهەڵوێستى و پێكه‌وه‌كاركردنى هه‌موو لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌، به‌تايبه‌تيش له‌ چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كرن له‌گه‌ڵ دۆخ و پێشهاته‌كان له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌.

لاى خۆیانەوە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕانیش لەمبارەیەوە ستایشى ڕۆڵ و هەوڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیان کرد و هەنگاوەکانى بەڕێزیان و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستانیان لەپێناو پتەوکردنى یەکڕیزى و یەکهەڵوێستى و تەبایى، بەرز نرخاند.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا وێڕاى تاوتوێكردنى دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ و كاريگه‌رييان له‌سه‌ر هه‌رێمى كورستان، ڕۆڵى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان له‌ پتەوکردنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، دروستكردنى هاوپەیمانیى فراكسيۆنە كوردستانييه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، جه‌ختى لێكرايه‌وه‌.

پته‌وكردنى هه‌ماهه‌نگى و كارى پێكه‌وه‌ييى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان، هەوڵدان بۆ چارەسەرى و گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتى فیدراڵى عێراق لەسەر بنەماى گەرەنتیکردنى ماف و شایستەکانى هەرێمى کوردستان، ئەگەرى هەموارکردنەوەى دەستوور و هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و سه‌قامگيرى و ئارامى له‌ عێراق، لایەنێکى دیکەى کۆبوونەوەکان بوو.

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و شاندى ياوه‌رى هه‌روه‌ها سه‌ردانى گۆڕى هه‌ردوو خوالێخۆشبوو نه‌وشيروان مسته‌فا و مام جه‌لال تاڵه‌بانييان كرد و تاجەگوڵینەیان له‌سه‌ر گۆڕه‌كانيان دانا.