نێچيرڤان بارزانى: له‌ناوبردنى به‌غدادى، هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆره‌

News
- 27 October 2019

به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌يامێكدا كوشتنى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، سه‌رى ڕێكخراوى تيرۆرستيى داعش به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى شه‌رى دژى تيرۆر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات، به‌ڵام دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌ ماناى كۆتاييهاتنى تيرۆر نايه‌ت، بۆيه‌ به‌رده‌واميى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى تيرۆر و ئايدۆلۆژياى داعش به‌ پێويست ده‌زانێت.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى:

هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی گرنگ و سەرەكیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەری ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش بە هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆر دادەنێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی ئه‌مه‌ريكا و هەموو ئەوانە ڕاده‌گه‌يه‌نێت كه‌ بە هەر شێوەیەك لە سەركەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنه‌دا بەشدار بوون.

كوشتنی بەغدادی دوای لەناوبردنی بەناو خەلافەتی داعش ‌هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەك واتای كۆتاییهاتنی تیرۆر و بیر و ئایدۆلۆژیای داعش ناگەیه‌نێت، مەترسيی بەهێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەكان هێشتا زۆرە و داعش و گرووپ و هاوشێوەكانی لە ناوچەكە هێشتا لە جموجۆلدان و هەڕەشە لە ئاسایشی هەموو جیهان دەكەن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له‌ هاوكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، نەك هەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵكو هەوڵ و هاوكارییەكان بەهێز بكرێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی و نەهێشتنی ئەو زەمینەیەی كە تیرۆر و خەڵكانی وەك بەغدادی بەرهەم دەهێنن.

هەرێمی كوردستان كە قوربانيی زۆری داوە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، كە لە ناوچەكەی ئێمە و لە عێراق، ئێزدی و مەسیحی و موسڵمان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان ڕووبەڕووی تاوانە ترسناكەكانی داعش بوونەوە، ئێستاش بە هەموو شێوەیەك لە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و بیری تاریكی داعشیانە دەبێتەوە، بۆ ڕێگرتن لە سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و بەهێزبوونەوەی داعش و تیرۆر لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایش و ئازادی لە جیهاندا.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

27/10/2019