نێچيرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌مه‌ريكى ده‌كات

News
- 12 March 2020

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 12/3/2020 له‌ هه‌ولێر به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز وليه‌م ڕۆبوك، جێگرى نێرده‌ى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى و ڕاوێژكارى باڵاى نێرده‌ى تايبه‌تى ئه‌مه‌ريكا بۆ سووريا كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا هه‌ردوولا دوايين پێشهاته‌كانى عێراق و هێرشى شه‌وى ڕابردووى سه‌ر هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ سه‌ربازگه‌ى ئه‌لتاجى له‌ به‌غدا، دوايين پێشهاته‌ سياسييه‌كان له‌ عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ ده‌ستنيشانكردنى كانديدێكى تازه‌ى سه‌رۆكايه‌تيى حكوومه‌ت، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌كارى و هه‌نگاوه‌كان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى و ڕێگريكرن له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى، تاوتوێ كران.

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ كونسولى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى هه‌رێم ئاماده‌ى بوون، مه‌ترسيى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و گرنگيى به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، پرسى سووريا و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سه‌ربازييه‌كانى ئه‌وێ، دۆخى كورد له‌ سووريا و هه‌وڵه‌كان بۆ لێكنزيككردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌ كوردييه‌كانى سووريا خرانه‌ به‌ر باس و هه‌ردولا جه‌ختيان له‌ پشتگيريكردنى ئه‌و هه‌وڵانه‌ كرده‌وه‌.