نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى به‌ريتانى كۆبووه‌

News
- 26 November 2019

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كان و ديالۆگى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غداى به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ چاره‌سه‌ركردنى يه‌كجاريى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق دووپات كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26/11/2019 له‌ هه‌ولێر، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ خاتوو ستيفانى ئه‌لقاق به‌ڕێوه‌به‌رى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافريكا له‌ وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى به‌ريتانيا، هه‌موو ئاماده‌ييه‌كى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئارامى و سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌ عێراق ده‌ربڕى، هه‌روه‌ها ڕوونيكرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێويستييان به‌ پشتگيرى و هاوكاريى به‌ريتانيا هه‌يه‌ به‌تايبه‌تى له‌ بواره‌كانى چاكسازى، بانكدارى و ته‌كنيكيدا.

لاى خۆيه‌وه‌ خاتوو ئه‌لقاق، جه‌ختى له‌ خواستى به‌ريتانيا بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كورستان و عێراق كرده‌وه‌ و پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌ريتانيا و ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا، هه‌روه‌ها پشتگيرى و خۆشحاڵيى وڵاته‌كه‌ى به‌ باشبوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان نيشان دا.

دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر، چۆنيه‌تيى ڕووبه‌ڕوونه‌وه‌ى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.