Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدى كۆبووه‌وه‌

2020/01/11
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، جه‌ختيان كرده‌وه‌ كه‌ عێراق نه‌كرێته‌ گۆڕه‌پانى ململانێى هێزه‌ هه‌رێمى و نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، هه‌روه‌ها په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش و ڕێزگرتن له‌ سه‌روه‌ريى عێراق بێت و هه‌موو لايه‌نه‌كان پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن بۆ ئاڵۆزترنه‌بوونى زياترى دۆخه‌كه‌ و گێڕانه‌وه‌ى ئارامى و سه‌قامگيرى، به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراقيش ئه‌وله‌ويه‌تى هه‌مووان بێت.

سه‌رله‌به‌يانيى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 11/1/2020 دواى ئه‌وه‌ى به‌ڕێز عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زيرانى كاربه‌ڕێكه‌رى عێراق به‌ سه‌ردانێك گه‌يشته‌ هه‌ولێر و له‌لايه‌ن به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ پێشوازى لێكرا، هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و لێكه‌وته‌كانى دوايين ڕووداو و پێشهاته‌كانى ده‌سپێكى ساڵى تازه‌ له‌ به‌غدا و گرژى و ئاڵۆزييه‌كانى نێوان ئه‌مه‌ريكا و ئێران و خۆپيشاندانه‌كانى عێراق و په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و ديالۆگى چاره‌سه‌ركردنيان تاوتوێ كرا.

گرنگيى به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا و مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر و جموجوڵى تيرۆرستانى داعش له‌ عێراق و به‌تايبه‌تيش له‌ ناوچه‌كانى نێوان پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق، بابه‌تێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تيايدا هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق كرده‌وه‌.