نێچیرڤان بارزانى و نوێنەرى سکرتێرى گشتیی UN دۆخى عێراق تاوتوێ دەکەن

News
- 9 September 2019

بەڕێز نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختى لەوە کردەوە کە دیالۆگى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ چارەسەرکردنى کێشە هەڵسواراوەکانى نێوان هەردوولا و چۆنیەتیى مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکاندا، پێویستى بە میکانیزمێکى گونجاوى باشتر هەیە. بەڕێزیان هەروەها ڕوونى کردەوە کە مەرج نییە لیژنەکانى نێوان هەردوولا سیاسى بن، بەڵکوو لە زۆر بواردا لیژنەکان دەکرێ تەکنیکى بن.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 9/9/2019 سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، ستایشى ڕۆڵى نەتەوە یەکگرتووەکانى لە عێراق کرد و جەختى لە گرنگیى بەردەوامیى ڕۆڵى یوونامى بۆ هاوکارى و یارمەتیدانى حکوومەتى فیدرالى عێراق و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بەردەوامیى دیالۆگ و چارەسەرکردنى کێشەکان کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا، پرسى بودجەى گشتیى ساڵى داهاتووى عێراق، بارودۆخى پارێزگاى کەرکووک و چۆنیەتیى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردنى پارێزگاکاندا، ناوچە جێناکۆکەکان و ماددەى (140)، پرۆسەى سیاسیى عێراق و دۆخى ئەمنیى وڵات، ڕەوشى ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمى کوردستان و چۆنیەتیى گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانى خۆیان، دۆخى ئاوارە ئێزدییەکان و ناوچەى شەنگال و چەند پرسێکى دیکەیان تاوتوێ کرد.