نێچيرڤان بارزانى و جه‌مال ئه‌لزاڕى، دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

News
- 17 May 2020

ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه‌ 17/5/2020 به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز شێخ جه‌مال ئه‌لزاڕى، ئه‌ميندارى گشتيى پڕۆژه‌ى نيشتمانيى عێراقى كرد.

له‌ ديدارێكدا دۆخى سياسى و ئابووريى عێراق و به‌رده‌واميى هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كان بۆ ته‌واوكردنى پێكهاته‌ى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق و پڕكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ته‌كانيان تاوتوێ كرد، هه‌روه‌ها دوايين پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق و زيادبوون و ته‌شه‌نه‌سه‌ندنى جموجووڵى تيرۆرستانى داعشيان له‌ چه‌ند ناوچه‌يه‌كى عێراق و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، خسته‌ به‌ر باس.

ديد و تێڕوانينى پڕۆژه‌ى نيشتمانيى عێراقى بۆ دۆخ و پرۆسه‌ى سياسى له‌ وڵات و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند بابه‌تێكى مايه‌ى بايه‌خى هه‌ردوولا، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بوو.