نێچيرڤان بارزانى و مايك پێنس، دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

News
- 27 August 2019

به‌ڕێزان نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و مايك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا دۆخى هه‌رێمى كوردستان و عێراقيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ به‌رده‌واميى هاوبه‌شيى ئه‌مه‌ريكا و هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان هه‌رێمى كوردستان و عێراق و بوونى ميكانيزمێكى هاوبه‌ش بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌، به‌ يارمه‌تيى ئه‌مه‌ريكا بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى تيرۆر، كرده‌وه‌.

له‌ په‌يوه‌ندييه‌ ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا كه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 27/8/2019 ئه‌نجام درا، سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به‌ باشتربوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و باشتربوونى دۆخى ئابوورى له‌ هه‌رێمى كوردستان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌يه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق له‌ ڕێگه‌ى ديالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكات و كارى ليژنه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فيدرالى عێراقى به‌ ئه‌رێنى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان هه‌روه‌ها داكۆكى له‌ به‌رده‌واميى سياسه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستن و هاوكاريكردنى هه‌موو پێكهاته‌ ئايينى و نه‌ته‌وه‌ييه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان و كاركردن بۆ قووڵكردنه‌وه‌ى كولتوورى پێكه‌وه‌ژيان كرده‌وه‌ و هاوكارى و پشتگيريى هه‌رێمى كوردستانى بۆ دابينكردنى ئاسايش و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كانيان نيشان دا، تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنه‌كانيان.

لاى خۆيه‌وه‌ به‌ڕێز مايك پێنس جێگرى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ريكا، سوپاسى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستانى كرد و ڕێز و پێزانينى وڵاته‌كه‌ى بۆ ڕۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و شكاندنى داعش دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها سڵاوى بۆ خانه‌واده‌ى شه‌هيدان و قوربانيانى ده‌ستى تيرۆر نارد. به‌ڕێزيان خۆشحاڵيى ئيداره‌ى ئه‌مه‌ريكايشى بۆ باشتربوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا نيشان دا و دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ريكا له‌ هاوكارى و پشتگيريى هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان و عێراق ده‌كات بۆ يارمه‌تيدانى ئاواره و پێكهاته‌كان و گه‌ڕاندنه‌وه‌يان بۆ شوێنه‌كانيان.