نێچیرڤان بارزانی و لاڤرۆڤ دۆخی عێراق و ناوچه‌که‌ تاوتوێ ده‌که‌ن

News
- 7 October 2019

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی له‌ دۆخی كورد له‌ سووریا، داوای له‌ به‌ڕێز سێرگێ لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا كرد وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئێستا و داهاتووی سووریادا هاوکاری بکه‌ن بۆ پاراستنی مافه‌کانی کورد له‌و وڵاته‌، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رۆك پوتین و ڕووسیای كرد كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا هاوكاری و پشتگیریی هه‌رێمی كوردستانیان کردووه‌‌ و سوپاسی سه‌ردانی به‌ڕێز لاڤرۆڤی كرد و سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ نیشانه‌ی پشتگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌قه‌ڵه‌م دا.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 7/10/2019 له‌ هه‌ولێر، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێز لاڤرۆڤ به‌رده‌وامیی پشتگیریی ڕووسیای بۆ هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و خۆشحاڵیی خۆی بۆ به‌ره‌وپێشچوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و دیالۆگی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عێراق ده‌ربڕی.

به‌ڕێزیان سوپاسی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ به‌ كه‌رتی تایبه‌ت و كۆمپانیا ڕووسییه‌كان دراوه‌ تا وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن به‌تایبه‌تیش له‌ كه‌رتی وزه‌دا، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیی هاوكاریی وڵاته‌كه‌یشی بۆ هه‌رێمی كوردستان و عێراق له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر دووپات كرده‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری به‌ڕێز وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ئاماده‌ی بوون، هه‌ردوولا په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ مۆسكۆ، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له‌ عێراق و ناوچه‌كه‌، دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و چه‌ند پرسێكی دیكه‌یان تاوتوێ كرد.