نێچيرڤان بارزانى: له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌ بكه‌وێته‌ ناو ناكۆكیى ناوچه‌كه‌

News
- 8 January 2020

دوای كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تیيه‌كان له‌گه‌ڵ حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 8/1/2020 له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌ سه‌ر دوا پێشهات و ڕووداوه‌كانی دۆخی عێراق به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی دیكه‌.

سه‌ره‌تا به‌ڕێزیان له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كان كرد و گوتی: ” ئه‌مڕۆ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان دوو كۆبوونه‌وه‌مان هه‌بوو. یه‌كه‌میان هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شمان له‌سه‌ر ئه‌و پێشهاتانه‌ هه‌بوو كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ عێراق هه‌یه‌. دواتر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دیكه‌مان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانی هه‌بوو كه‌ هه‌موو لایه‌كیان به‌ سوپاسه‌وه‌ بانگهێشتى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانیان قبووڵ كرد و ته‌شریفیان هێنا”.

“له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی تیشكمان خسته‌ سه‌ر ئه‌و بارودۆخه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ عێراقدا هه‌یه. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كان بۆ عێراق به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ و جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك هه‌وڵی جددی بده‌ن بۆ هێوركردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ بۆ ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشبه‌ختانه‌ فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق هه‌موویان به‌ سوپاسه‌وه‌ به‌ یه‌كگرتوویی هه‌ڵوێستیان هه‌یه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن و له‌ هه‌رێمی كوردستانیش هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ كۆك بووین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مه‌رجی سه‌ره‌كی ده‌بێت كاركردنی ئێمه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بێت. هه‌وڵی جددی ده‌ده‌ین كه‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌گشتی نه‌بێته‌ گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ململانێیانه‌ی ئێستا هه‌یه‌. خۆم وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم و هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمیش له‌سه‌ر هێڵین له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ ‌كه‌ په‌یوه‌ندارن به‌و پرسه‌ و هه‌وڵه‌كانی ئێمه‌ به‌گشتی وه‌ك سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان و حكوومه‌ت ئه‌وه‌یه‌ بتوانین ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان بپارێزین و بێگومان له‌سه‌ر ئه‌م هه‌وڵانه‌ به‌رده‌وام ده‌بین”.

“ئاگاداری ئه‌و ڕووداوه‌ن كه‌ به‌ره‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ له‌ بنكه‌ی سه‌ربازيی عه‌ينولئه‌سه‌د ڕوویداوه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و مووشه‌كانه‌ی به‌ره‌و هه‌رێمی كوردستان هاتن، خۆشبه‌ختانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هیچ زیانێكیان نه‌بووه‌ و ئه‌مه‌ جێگه‌ی دڵخۆشییه‌. هیوادارین و هه‌موو هه‌وڵێكیشمان بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ له‌م حه‌دده‌ ڕابگیرێت و له‌مه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌كات و په‌ره‌ نه‌سێنێت. هه‌موو لایه‌كمان كۆك بووین له‌سه‌ر نیگه‌رانیی جدديی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و بڕیاره‌ی كه‌ یه‌كلایه‌نه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق سه‌باره‌ت به‌ هێزی هاوپه‌یمانان درا. له‌ هه‌رێمی كوردستان پێمان وایه‌ عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پێویستیی به‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان هه‌یه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆرستان. ئه‌وه‌ی ئێمه‌ ده‌یبینین و به‌پێی ئه‌و هه‌واڵ و زانیارییه‌ هه‌واڵگریانه‌ی ڕۆژانه‌ به‌ده‌ستمان ده‌گات، ده‌بینین به‌ شێوه‌یه‌كی سیستماتیك كرداره‌كانی گرووپه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌ عێراق به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕوات و ئه‌مه‌ش جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌موو عێراق”.

دواتر له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌مه‌به‌ستی پارێزراوبوونی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ر هێرش و پێكدادانێكدا، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراق، هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان قسه‌مان كردووه‌ و بێگومان له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ قسه‌ ده‌كه‌ین و دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكی جدديی ئێمه‌ بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستانه‌”.

ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ پێشتر هه‌رێمی كوردستان له‌ هێرشه‌كان ئاگادار كرابێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن عێراق و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ و پێویستيی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوان له‌سه‌ر ئاستی عێراق به‌ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخه‌كه‌، به‌ڕێزیان ڕایگه‌یاند: “له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بڕیارمان داوه‌ شاندێك بۆ به‌غدا بنێرین به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ جه‌نابی سه‌رۆك كۆمار و به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق د. فوئاد حسێن و له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌سه‌ر هێڵین و ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ش ئه‌نجام ده‌ده‌ین. به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه‌ هیچ هۆشدارییه‌كمان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌وه‌ی كه‌ به‌ ئێمه‌ بڵێن له‌م كاته‌ و له‌م دۆخه‌دا مووشه‌كه‌كان دێن، ئێمه‌ هۆشداريى فه‌رمیی له‌م شێوه‌یه‌مان له‌ هیچ لايه‌ك وه‌رنه‌گرتووه‌”.

هه‌ر ده‌رباره‌ی بارودۆخی عێراق و دوا پێشهاته‌كان و له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكى ديكه‌دا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی ئاشكرای كرد: “هه‌رێمی كوردستان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك به‌شێك نییه‌ له‌و ناكۆكییه‌ی ئێستا هه‌یه‌ و ئێمه‌ نامانه‌وێ عێراق به‌گشتی به‌شێك بێت له‌و ناكۆكییانه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی به‌شێك بێت له‌و ئاڵۆزیانه‌ی له‌نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێراندا هه‌یه‌، ئێمه‌ نامانه‌وێت عێراق به‌شێك بێت له‌و ئاڵۆزییه‌. ئێمه‌ تا ئێستا به‌ فه‌رمی به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك و له‌ هیچ لایه‌ك ئه‌وه‌مان وه‌رنه‌گرتووه‌ كه‌ سه‌ربازه‌كان ئه‌گه‌ر له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌مان دێن بۆ هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ش هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌ عێراق و ئێمه‌ به‌شێكین له‌ سه‌روه‌ری و حكوومه‌تی عێراق”.

سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیه‌ش كه‌ گوایه‌ شاندێكی هه‌رێمی كوردستان له‌م نزیكانه‌ سه‌ردانی تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كات، به‌ڕێزیان گوتی: “له‌وانه‌یه‌ له‌ چوارچێوه‌ی شاندی حكوومه‌تی عێراقدا بۆ به‌شداریكردن له‌ پرسه‌،‌ شاندێكی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی تاران بكات، به‌ڵام ئه‌م سه‌ردانه‌ ته‌نها بۆ سه‌ره‌خۆشییه‌”.

ده‌رباره‌ی چۆڵكردنی باره‌گاكانی حه‌شدی شه‌عبی دوای بۆردومانكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ و چوونی هێزی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاشكرای كرد: “هیچ داواكارییه‌كی وا له‌ ئێمه‌ نه‌كراوه‌ بچین ئه‌و شوێنانه‌ بگرینه‌وه‌، بێگومان یه‌كڕیزيی ئێمه‌ به‌تایبه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ جێی دڵخۆشییه‌ له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی كورد به‌یه‌كه‌وه‌ یه‌كده‌نگ بوون له‌ به‌غدا، سه‌لماندوویه‌تی زۆر كاریگه‌ر بووه‌ و جێی خۆی گرتووه‌. وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ناوی هه‌ردوو جێگرانی سه‌رۆكی هه‌رێمه‌وه‌ سوپاسی هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌كه‌م، به‌تایبه‌تی سوپاسی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق ده‌كه‌م كه‌ زۆر به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ یه‌ك هه‌ڵوێست بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاریان كرد. بێگومان هه‌رچه‌ند ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ یه‌كگرتوو بن، پێگه‌ی هه‌رێمی كوردستانیش زیاتر ده‌بێت. ئێمه‌ نیگه‌رانین له‌و هه‌ڵوێسته‌ی كه‌ یه‌كلایه‌نه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراقدا بڕیاری له‌سه‌ر درا، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستپێكردنێكی زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، نه‌ك ته‌نها كورد، به‌ڵكو بۆ پێكهاته‌كانی دیكه‌ش كه‌ به‌داخه‌وه‌ بگاته‌ ئه‌و ئاسته‌ى یه‌كلایه‌نه‌ بڕیار له‌سه‌ر شته‌كان بدرێت. ئه‌و عێراقه‌ی ئێمه‌ پێكه‌وه‌ بنیاتمان ناوه‌، عێراقێكه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و سازان و یه‌كترقبووڵكردن به‌پێی ده‌ستوور به‌ڕێوه‌ بچێت، نه‌ك لایه‌نێك ته‌نیا بڕیار له‌سه‌ر داهاتوویه‌كی وا بدات كه‌ كاریگه‌رییه‌كی یه‌كجار زۆری ده‌بێت. ئێمه‌ له‌ هه‌ڵوێستى سۆزدارى تێده‌گه‌ین و ده‌زانین دۆخه‌كه‌ چۆنه‌، به‌ڵام هیوادارین عه‌قل حاكم بێت له‌سه‌ر ئه‌و بڕیارانه،‌ چونكه‌ بڕیارى‌ یه‌كلایه‌نه‌ له‌ هه‌ر لایه‌كه‌وه‌ بێت، بێگومان كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كان ده‌بێت و له‌ ئه‌نجامیشدا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌موو عێراق ده‌بێت”.

ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌رى كشانه‌وه‌ی هێز و كۆمپانيا بيانييه‌كانى نه‌وت له‌ عێراق، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ڕوونی كرده‌وه‌: “ئه‌وه‌ی تا ئێستا له‌ عێراقدا ڕوویداوه‌ سه‌باره‌ت به‌ هێزه‌كان زياتر خۆڕێكخستنه‌وه‌یه‌ نه‌ك ده‌رچوون له‌ عێراق، جارێ ئێمه‌ هیچ شتێكی وا نابینین كه‌ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بیانه‌وێت له‌ عێراق ده‌ربچن، به‌ڵام هێزه‌كانی هاوپه‌یمان له‌ هه‌موو عێراق ده‌سیتان به‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ كردووه‌، له‌ هه‌ندێك شوێن كه‌ بۆ نموونه‌ هێزی كه‌میان هه‌بووه‌، هێزه‌كانیان بردووه‌ته‌ شوێنێكی دیكه‌ و ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو عێراق هه‌یه‌، نه‌ك ته‌نیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و له‌وانه‌یه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی نزیكن له‌ هه‌رێمی كوردستان هێزه‌كانیان هێنابێته‌ ئه‌وێ. له‌ شوێنه‌كانی دیكه‌ش وايه‌، بۆ نموونه‌ هێزه‌كانیان بردووه‌ته‌ سه‌ربازگه‌ی تاجی ئه‌وه‌ی نزیكه‌ له‌ به‌غدا، واته‌ ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانه‌وه‌ هه‌بووه،‌ نه‌ك ده‌رچوونیان له‌ عێراق. كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانیش وه‌ك خۆیان ماونه‌ته‌وه‌ و له‌وانه‌یه‌ ئه‌م دۆخه‌ كاریگه‌ری هه‌بێت. وه‌ك گوتم ئێمه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ له‌سه‌ر هێلین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان له‌م ئاسته‌ی ئێستا هه‌یه‌ بوه‌ستێ و هیوادارين له‌مه‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌ نه‌كات”.

سه‌باره‌ت به‌ چاره‌سه‌ری بۆ دۆخی ئێستای عێراق، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی: “پێمان وایه‌ كه‌ بێگومان بژارده‌ی سه‌ربازی هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ناكات و پێویسته‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن”.

ده‌رباره‌ی هۆكاری دواكه‌وتنی مووچه‌ش بۆ چه‌ند ڕۆژێك به‌ڕێزیان ئاشكرای كرد: “دابه‌شكردنی مووچه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، چه‌ند ڕۆژێك دواكه‌وتنی مووچه‌ مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ مووچه‌ نادرێت و تا ئێستا هیچ كێشه‌یه‌ك له‌ پرسی مووچه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا نه‌بووه‌. ئێمه‌ داوای گارانتی ته‌نیا بۆ هه‌رێمی كوردستان ناكه‌ین، به‌ڵكو داوای گارانتی بۆ هه‌موو عێراق ده‌كه‌ین و له‌و باوه‌ڕه‌داین هه‌رێمی كوردستان وه‌ك به‌شێك له‌ عێراق، له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقدا نییه‌ به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌ بكه‌ونه‌ ناو ئه‌و ناكۆكییانه‌ی له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌”.