Presidency of the Kurdistan Region of Iraq

به‌رهه‌م ساڵح و نێچيرڤان بارزانى دۆخى عێراق و هه‌رێمى كورستان تاوتوێ ده‌كه‌ن

2020/05/11
په‌یوه‌ندیی ناوخۆیی

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11/5/2020 له‌ سلێمانى له‌ ديدارێكدا به‌ڕێزان د. به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆک کۆماری عیراق و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، هه‌لومه‌رجی سیاسی و هه‌نگاوه‌کانی دوای پێکهێنانی حکوومه‌تی عیراق و پێویستيی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌کانیان تاوتوێ کرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا باس له‌ پێشهاته‌ سیاسیيه‌کانی عیراق کرا و هه‌ردوولا به‌ گرنگیيه‌وه‌ جه‌ختيان له‌ پێویستيی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و ناکۆکیيه‌کان کرده‌وه‌ به‌ ئاراسته‌ی هێنانه‌کایه‌ی ئارامی و ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی سه‌رجه‌م ناوچه‌کان به‌ هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه‌.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌ بایه‌خه‌وه‌ باس له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تی نوێی عێراق بە سەرۆكایەتيی به‌ڕێز مستەفا كازمی کراو و داكۆكييان له‌ پشتیوانی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حکوو‌مه‌تى فيدراڵدا کرده‌وه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌کان و کارکردن بۆ دابينکردنی گوزه‌ران و ته‌ندروستيی هاووڵاتیان، هه‌روه‌ها له‌پێناو تێکشکاندنی پاشماوه‌کانی تیرۆر و سه‌قامگیريی ئه‌منی له‌ هه‌موو ناوچه‌کانی عیراقدا، وێڕاى چاره‌سه‌ركردنی کێشه‌ که‌ڵه‌که‌بووه‌کانی نێوان به‌غدا و هه‌رێمى كوردستان به ‌گوێره‌ی ده‌ستوور، بەتایبەتیش یەكلاكردنەوەی پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران.

هه‌ر له‌و دیداره‌دا باس له‌ پێویستيی یه‌کڕیزی و خاوکردنه‌وه‌ی گرژیيه‌کان له‌ عێراق کرا به‌ شێوه‌یه‌ک که‌ هه‌موو هێز و تواناکان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئارامی و بژێويی خه‌ڵک و ئه‌نجامدانی چاکسازيی بنه‌ڕه‌تی ته‌رخان بکرێن و له‌بری ناکۆکی و ململانێی ته‌سک، به‌گوێره‌ی ده‌ستوور خزمه‌تی خه‌ڵک و داخوازیه‌کانیان بکرێت.

له ‌ته‌وه‌رێکی ديكه‌ى دیداره‌که‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى له‌ هه‌رێمی کوردستان كرده‌وه‌، به‌ جۆرێك هه‌موو لایه‌نه‌کان دوور له‌ گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی پێویستيی هاووڵاتیان و دابينكردنی بژێویان و سه‌قامگیريی سیاسی و ئه‌منی، ته‌رخان بکه‌ن.