ڕاگه‌یه‌نراوێک له‌ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌

News
- 8 April 2020

ئەم دۆخە سەخت و دژوارەی وڵاتە ئازیزەكەمانی پێدا تێدەپەڕێ، لە هەموومان دەخوازێ ناكۆكیيەكانمان بەلاوە بنێین، هەرچی زووترە لەسەر میكانیزمێك بۆ پێكهێنانی حكوومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور و لەسەر بنەمای سازانێكی ڕاستەقینە ڕێكبكەوین كە سەقامگیری و بەتواناییی حكوومەتەكە لە جێبەجێكردنی ئەركەكانیدا مسۆگەر بكات. گرنگترین ئەركیشی لەم قۆناغەدا، بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و قه‌یرانانه‌یه‌ كە ڕووبەڕووی عێراق بوونەتەوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕوانگه‌ی باوەڕی بە سەقامگیریی سیاسی و ئەمنیی عێراق و ئامادەیی بۆ كاری جددی لەو پێناوەدا، پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بە پشتیوانیی هەموو لایەنە نیشتمانییەكان زۆر بە پێویست دەزانێ. لەو پێودانگەوە پێشوازی لە كاندیدكردنی بەڕێز مستەفا كازمی دەكەین بۆ پۆستی سەرۆكی وەزیرانی حكوومەتی فیدراڵی لەلایەن هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەی شیعەوە. داوا لە هەموو لایەكیش دەكەین پشتیوانی بكەن تا بە زووترین كات ئەركەكانی پێكهێنانی حكوومەت تەواو بكات.

خوای مه‌زن پشتیوانمان بێت.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

چوار شەممە

8-4-2020