ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌

News
- 4 February 2020

ئه‌مڕۆ یاسای چاكسازى له‌ مووچه‌، ده‌رماڵه‌، به‌خشین، ئیمتیازاته‌كان و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستان ــ عێراق ژماره‌ 2ی ساڵی 2020ـم واژۆ كرد كه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران ئاماده‌ى كردووه‌ و ناردوويه‌تيه‌ په‌رله‌مانى كوردستان‌ و ‌ڕۆژی 16/1/ 2020 په‌رله‌مان په‌سه‌ندى كرد.

ئه‌م یاسایه‌ مايه‌ى سه‌رنج و تێڕوانینی چین و توێژه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵگه‌ بووه،‌ بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ به‌ فه‌رمی گه‌یشتووەته‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، شاره‌زایان و پسپۆڕان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، زۆر به‌ وردی تاوتوێيان كرد و لایه‌نه‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌كانی یاساكه به‌ شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ به‌ وردی خرانه‌ ڕوو.

هه‌موو لایه‌ك دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تێگه‌یشتنی ته‌واومان بۆ ئه‌و سه‌رنج و تێبینییانه‌ هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌ بوارى خانه‌نشینيدا‌، جه‌ختيش له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ یاساكه‌ هه‌نگاوێكی دیكه‌ی چاكسازييه‌ له‌ بوارى كارگێڕى و داراييدا. به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌رێمی كوردستانيش، به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌نگاوه‌كانی دیكه‌ی چاكسازی له‌پێناو به‌رژەوه‌ندیی گشتیی گه‌لی كوردستاندا.

له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاده‌سپێرین تا له‌ ماوه‌یه‌كی گونجاودا پرۆژه‌یاسای خانه‌نشینيی یه‌كگرتوو بۆ هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌ بكات و پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانى بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك بنه‌ما و پێوه‌ری هێنانه‌دی دادپه‌روه‌ری تێدا بێت و مووچه‌خۆران دڵنیا بكاته‌وه‌ كه‌ ئێستا و داهاتووش ماف و شایسته‌كانیان مسۆگه‌ر و پارێزراو ده‌بن، هه‌روه‌ها له‌ په‌یڕه‌وى جێبه‌جێكردندا ڕه‌چاوی ئه‌و تێبینی و پێشنیارانه‌‌ بكرێت كه‌ ده‌رباره‌ی یاساكه‌ خراونه‌ته‌ ڕوو، ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ش كه‌ له‌ جێبه‌جێكردنيدا ده‌رده‌كه‌ون، ده‌كرێت به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه‌ و په‌یڕه‌و‌ی جێبه‌جێكردنی، چاره‌سه‌ر بكرێن.

نێچیرڤان بارزانی

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

4/2/2020