ڕاگەیاندراوێك لە سەرۆكايه‌تيی هەرێمی كوردستانەوە

News
- 2 May 2020

پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی مكێشیفەی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین كە ژمارەیەك لە هێزە ئەمنییەكانی عێراقى تيادا بوونه‌ قوربانى، بە توندی ئیدانە دەكەین. ئەم پەلامارە و هێرشەكانی دیكەی ئەم دواییەی تیرۆریستان، ئاماژەی ترسناكی فروانبوونەوەی مەترسی و جموجۆڵە سەربازییەكانی داعشه‌، هه‌روه‌ها زەنگێكی دیكەی بەئاگاهێنانەوەی هەموو لایەكمانە و بەڵگەی قۆستنەوەی هەڵومەرجی نالەباری عێراقە لەلایەن تیرۆریستانەوە بۆ دووبارە خۆڕێكخستەنەوە و ئەنجامدانی پەلاماری فراوانتر.

لە كاتێكدا سڵاو بۆ گیانی قوربانييان دەنێرین، هاوخەمی بۆ كەسوكاریان دەردەبڕین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، دووپاتيشى دەكەینەوە كە ڕەوشەكە وا دەخوازێ هەرچی زووترە كێشە و ناكۆكییە نێوخۆییەكانی عێراق چارەسەر بكرێن و پێكەوە بەرەنگاری هەڕەشەی جدديی سەرهەڵدانەوە و تەشەنەسەندنی تیرۆر ببینەوە.

سەرۆكايه‌تيى هەرێمی كوردستان

2/5/2020